بەندکراوێک دەستی بە شیشی زیندانەکەیەوە گرتووە.
عێراق
حەوت هەزار و 995 زیندانی ئازاد كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، کۆی ئەو زیندانیانەی کە بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی مافی ئازادکردنیان هەیە، لە جێبەجێکردنیەوە تا ئەمڕۆ، گەیشتووەتە حەوت هەزار و 995 زیندانی لە سەرانسەری سەرجەم چاکسازییەکانی عێراقدا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، ئازادکردنی ئەو حەوت هەزار و 995 زیندانییە بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی بەپێی رێکارە یاساییە دامەزراوەکان و دوای تەواوکردنی پشکنینی ئەمنی ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی شایستەی لێبوردنەکەن لە سەرانسەری پارێزگا جیاوازەکاندا دابەشکراون و بڕیارەکەش ئەو زیندانیانە لەخۆدەگرێت، بە هەردوو جۆری نێر و مێ، کە مەرجەکانی یاساکەیان بەدیهێناوە.
وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، “جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە چوارچێوەی پابەندبوونیاندایە بە بەرەوپێشبردنی بنەماکانی دادپەروەری و گەیشتن بە دەرفەتەکانی یەکگرتنەوەی کۆمەڵایەتی، لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە بە شەفافیەت و وردبینییەوە”.
بەم دواییە یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق هەموار كرایەوە و لە پەرلەمان پەسند كرا.