لە یەک کاتژمێردا پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد
لە زاخۆ دزێک قاسەی ماڵێکی لەکۆڵنا؛ زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلار و بڕێک زێڕی تێدابوو
964+
شۆڕش قادری
لە زاخۆ دزێک قاسەی ماڵێکی لەکۆڵنا کە زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلار و بڕێک زێڕی تێدابوو، تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێردا پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد.
موقەدەم ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، “لە یەکێک لە گەڕەکانی زاخۆ تۆمەتبارێک بەناوی (ک، ف، م) و تەمەن 37 ساڵ زەفەری بە قاسەی ماڵێک بردووە کە بڕی زیاتر لە 22 هەزار دۆلار و هەندێک دیناری عێراقی و دوو پارچە زێڕی تێدابووە و بەهەموو ئەو شتانەی تێیدابووە، قاسەکەی دزیوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەنیا یەک کاتژمێر لەو دزییە، هێزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە زاخۆ تۆمەتبارەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستگیریان کردووە.
موقەدەم ئەحمەد رەمەزان دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و شوێنی قاسەکەی ئاشکرا کردووە، ئەوانیش چوون قاسەکەیان بە پارە و زێڕەکەی ناویەوە هێناوەتەوە.