تەرمەکانیان دۆزرایەوە

دوو ئامۆزا لە سەرچاوەیەکی ئاو لە حەمرین خنکان

+964

دوو مێردمنداڵ پاش مەلەوانیکردن لە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئاو لە نێوان هەردوو بەنداوی حەمرین و سدور خنکان، پاش چەند کاتژمێرێک لە گەڕان تەرمەکانیان دۆزرایەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دیالە بە 964ی وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 11.8.2025 دوو مێردمنداڵ، كە ئامۆزای یەکترن و لەدایکبووی ساڵانی 2008 و 2010ن، بۆ خۆفێنککردنەوە چوونەتە ئەو شوێنە بۆ مەلەکردن، بەڵام خێرایی ئاوەکە توانای مەلەکردنی لێیان سەندووەتەوە و دەماودەست خنکاون.

سەرچاوەکە وتی، دوو مێردمنداڵەکە دانیشتووی گوندی ( سەراجق)ی سەر بە قەزای مەنسورییەن لە پارێزگای دیالە و تەرمەکانیان نزیک پردی (کەتیبە) پاش چەند کاتژمێرێک لە گەڕان دۆزرانەوە.

تەرمی دوو مێردمنداڵەكە بەرەو پزیشکی داد لە بەعقوبە رەوانە کرا بۆ تەواوکردنی کاری توێکاری پێویست و لایەنە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا