له‌ هه‌رێم “پشكنینی باوكایه‌تی” به‌ خۆڕایی ئه‌نجام ده‌درێت

964+
زینوێ حه‌سه‌ن

پۆلیسی ھەرێم ئاشكرایكرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA یاسایی لە تاقیگه‌کانی بەڵگەو و تاوانی ھەرێم و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی و بە کەمترین ماوە، پشکنینی باوکایەتی paternity test ئەنجام دەدرێت.

تاریق ئه‌حمه‌د ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەرێمی كوردستان له‌ په‌یجی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌كه‌ی رایگەیاندووه‌ “بەپێی رێنماییه‌كانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تەنیا تاقیگەی وەزارەتی ناوخۆ بۆی ھەیە پشکنین باوكایه‌تی ئەنجامبدات و ھیچ تاقیگەیەکی دیكه‌ بۆی نییە ئەم پشکنینانە بکات”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “لە دادگاکانیش تەنیا ئەنجامی پشکنینی تاقیگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند دەکرێت و بەھای یاسایی ھەیە”.

“تاقیگەکەمان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ بە سوپاسەوە نوێترین ئامێری پشکنینی DNA ی بۆ دابینکراوە و بە ستانداردی نێودەوڵەتی کاردەکات و ئەفسەر و کارمەندی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامە کارەکانی بەڕێوە دەبەن” تاریق ئه‌حمه‌د وا ده‌ڵێت.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، ئەم خزمەتگوزارییە بە خۆڕاییە و لە وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ لە بەشی خزمەت بڵاوکراوەتەوە.