هەشت کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتنی چەک لەکوردستان دروست دەکرێن
+964
فەرمان سادق
حکومەتی هەرێم رێنمایی بۆ دروستکردنی هەشت کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتنی چەک دەرکردووە، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، هێشتا بابەتەکە تەندەرینی بۆ نەکراوە.
بەپێی رێنمایی ژمارە (2866/ك)ـی وەزارەتی ناوخۆ کە خۆی لە 22 مادە دەبینێتەوە و کۆپییەکی بە تۆڕی964 دراوە، رەزامەندی دراوە بەدروستکردنی هەشت کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەکی ئاگرین، شوێنی راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئاگرین، سەنتەری مەشق و راهێنانی کارمەندانی کۆمپانیای ئەمنی.
کۆمەڵگەکە دابەشی سەر دوو جۆر دابەشکراون (A) و (B)، ئەوانەی دەکەونە سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەجۆری (A)، هەروەها ئەوانەی دەکەونە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، گەرمیان، راپەڕین و زاخۆ لەجۆری دووەمن کە لەڕێنماییەکەدا بە (B) ناویان هاتووە.
لەمادەی 5ـی رێنماییەکەدا بە 15 بڕگە مەرجەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەکە باس کراوە، لەوانە بوونی بنکەی تەندروستی، بنکەی ئاسایش و بنکەی پۆلیس و هەموو خزمەتگوزارییەکانی دیکە
مەرجی جۆری (A) ئەوەیە کە نابێت رووبەرەکەی لە 20 دۆنم زەوی کەمتر بێت، هەرچی ئەوەی دیکەیە کەجۆری (B)ـیە، رووبەرەکەی 12 دۆنم زەوییە، بیناکەیشی هەمووی دەبێت کۆنکرێت بێت جگە لەشوێنی تەقە کردن کە دەبێت بەپێی ستاندارد بێت، هەروەها جێگەکەشیان لەدەرەوەی سنووری شارەوانییەکان دەبێت.
لەمادەی 5ـی رێنماییەکەدا بە 15 بڕگە مەرجەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەکە باس کراوە، لەوانە بوونی بنکەی تەندروستی، بنکەی ئاسایش و بنکەی پۆلیس و هەموو خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی964ـی راگەیاند، هێشتا ئەو پرسە تەندەرینی بۆ نەکراوە.