لە دوجەیل

بۆ رزگارکردنی براکەی چوو ئەویش خنکا


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە سەرچاوەیەکی ئاوی قەزای دوجێلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لە کاتی مەلەکردندا دوو برا پێکەوە خنکان و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە گەڕان بەدوای تەرمەکانیاندا بەردەوامە.

عەلی جەودەت، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی دوجەیل بە964ـی وت، رۆژانە لە دوای کاتژمێر1:00ـی نیوەڕۆ بەدواوە، خەڵکێکی زۆر روو دەکەنە ئەو سەرچاوە ئاوەی قەزاکەیان، ئەمڕۆش هاوشێوەی رۆژانی تر لە کاتی مەلەکردندا، دوو برا چوونەتە قوڵایی ئاوەکە و یەکێکیان نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات، بۆیە برا گەورەکەی بەدوایدا رۆیشتووە و هەردووگیان بەدوای یەکدا خنکاون.

ویشی، قەزای دوجەیل هیچ تیمێکی مەلەوانی نییە و ناچار لە شاری تکریتەوە تیمی مەلەوانی بەڕێکەوتوون بۆ شوێنەکە و هاوڵاتیان بەردەوامن بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکاندا.

مەهدی رەسول و کازم رەسول، ناوی هەردوو براکەیە و تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 20ساڵیدایە و خەڵکی قەزای دوجەیلن و هەردووکیان قوتابیین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا