شێرکۆ بێکەس، شاعیرى گەورەى کورد
"مردن ئێجگار بەو شێوەیە ترسناک و خەتەر نییە"
12 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ؛ شێرکۆ بێکەس کۆچى دوایى کرد
وریا فەتاح
12 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، شێرۆکۆ بێکەس یەکێک لە قەڵەمە دیار و ناوازەکانى نێو ئەدەبیات و شیعرى کورد، بەهۆى نەخۆشییەوە کۆچى دوایی کرد.
مردن
ئێجگار بەو شێوەیە
ترسناک و خەتەر نیە
وەکو خەڵکی باسی ئەکەن
من بە باوکما ئەزانم
شەست ساڵە لەلای مردنە و
دوێنێ کە ھاتەوە ماڵێ
گۆڕانی وا نەگۆڕابوو کە ئێمە نەیناسینەوە
ڕاستە مردن,
دەموچاوی ھەندێ شعری تاڕادەیەک پیرکردبوو
ڕاستە مردن,
ھەندێ چرچ و لۆچی تازەی خستبووە نێو قسەیەوە
کەمێک ڕەنگی ھیواکانی زەردکردبوو
بەڵام ھەرگیز نەوەریبوون
لەبیر ساڵ نەچوبوونەوە
باوکم دوێنێ,
وەختێ گەڕایەوە ماڵێ
قەڵەم و کاغەز و گوڵ و دڵی مناڵ و باڵندە
ھەموویان چوون بە پیریەوە
ئاخر ئەگەر وەکو ئەڵێن
مردن ئەوەنە دڕندە و خەتەربایە
ئەوی ئەخوارد و نەئەماو لە بیری شعریش ئەچۆوە!
بەڵام ئایا ئەم مردنە بۆ ھەموو کەسێ ھەر وایە؟
یان بەتەنھا بۆ ئەوانەی کە ھەرگیز لێی نەترساون و
وەکو باوکم سەریان داوە بە ئازادی و
دڵیان کردووە بە چرا و
چراشیان داوەتە دەستی
خۆشەویستی ئەم دنیایە!
شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە و لە 2ـى ئایاری 1940 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بوە.
شێرکۆ بێکەس یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە رۆژنامەی ژین بڵاو کردوەتەوە و ساڵی 1968 یەکەمین پەرتوکی شیعری بە ناوی تریفەی ھەڵبەست لە بەغداد چاپ کردوە.
لەماوەى ژیانیدا چەندین خەڵات و رێزلێنانى گەورەى بردووەتەوە، لەوانە بردنەوەى خەڵاتى تۆخۆڵسکى لە ساڵى 1987.
ساڵی 1992 لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم دەبێت بە وەزیری رۆشنبیری و ساڵی 1998 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی لە سلێمانی دامەزراند، کە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە.
12 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە 4ـى ئابى 2013، لەستۆکهۆڵمى پایتەختى سوید بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد و لەسەر وەسێتى خۆى لە پارکى ئازادى شارى سلێمانى بەخاکسپێردرا.