دوای هەفتەیەک لە وەرگرتنی موچە
بایکۆت شکا و دەرگای نەخۆشخانەی گشتی کەلار کرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەگەرچی کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی رۆژی شەممەی رابردوو موچەیان وەرگرت، بەڵام کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتی کەلار دوای ھەفتەیەک لە وەرگرتنی موچەکانیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بایکۆتیان شکاند.
لە رۆژی 18.6.2025ـەوە کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی کەلار بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان دەستیان بە بایکۆت کرد و دەرگای نەخۆشخانەیان داخست، بەڵام لە 31ـی ھەمان مانگ بایکۆتیان شکاند و دەستیان بە دەوام کردەوە تا 13.7.2025، دواتر کە لەهاتنی موچە هیوابڕاو بوون، جارێکیتر دەستیان بە بایکۆت کردەوە تا ئەمڕۆ یەکشەممە 3.8.2025 کۆتاییان بە بایکۆت ھێنا.
حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار بە 964ـی وت، “لە رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە، ھاوڵاتیان دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەکەمان بکەن بۆ بینینی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی دەرمانی درێژخایەن وەردەگرن، دەتوانن رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە سەردان بکەن بۆ وەرگرتنی دەرمانەکانیان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری