بەم شەوە خۆپیشاندان دەکەن
کەمی کارەبا دانیشتوانی کفری ھێنایە سەر جادە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتوانی قەزای کفری ئەمشەو شەممە 2.8.2025، بەھۆی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا و قیرتاو نەکردنی شەقامێک ھاتنە سەر جادە و لە گۆڕەپانی ئازادی گردبوونەوە.
رەوف عومەر ھاوڵاتیەکی دانیشتوی قەزای کفریە بە 964ـی وت، لەم گەرمایەدا کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە قەزای کفری زۆر کەمە و ھاوڵاتیان لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر پێویستیان بە کارەبای نیشتیمانییە.
“جگە لە کەمی کارەبا یەکێکی دیکە لەداواکاریەکانمان تەواوکردنی شەقامی دوو سایدی نزیک ناوبازاڕە، کە بە شەقامی کۆمیتە ناسراوە، ماوەی سێ مانگە تێکدراوە و کارکردن تێیدا وەستاوە و تا ئێستا تەواونەکراوە”،رەوف عومەر وای وت.
لەبارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە قەزاکە ئاماژەی بەوەش کرد، ھەفتەی رابردوو لەماوەی 24 کاتژمێر تەنھا 8 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی ھەبووە، بەڵام دوو سێ رۆژێکە کە بیستویانە بەتەمای خۆپیشاندانین کردوویانە بە نزیکەی 11 کاتژمێر، ئێمەش دەمانەوێت زیاتر بکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی