ترەمپ: هەڕەشەمان لێكراوە

ئەمریكا ژێردەریاییە ئەتۆمی هەڵگرەكانی بڵاوكردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، وڵاتەكەی ژێردەریاییە ئەتۆمی هەڵگرەكانی لە چەند ناوچەیەكی دیاریکراو جێگیر کردووە، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ ئەوەی باس لە “مەترسی راستەوخۆ” دەكرێت بۆ سەر ئەمریكا.

ترەمپ رایگەیاند وڵاتەکەی سازش ناکات لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی.

سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژنامەنووسان دوا و رایگەیاند، “ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانمان بۆ ئەو شوێنانە جێگیرکردووە کە پێمان وایە پێویستن، دوای ئەوەی هەڕەشەیەکی روونمان پێگەیشتووە”.

“هەڕەشەکە لە سەرۆکێکی پێشووی روسیاوە هاتووە، ئەمەش پێویستی بە ئامادەکاری تەواو هەبووە و بەرگری لە گەلەکەمان بکەین”، سەرۆكی ئەمریكا وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، “هەرکەسێک باسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات، ناچارمان دەکات هەنگاوی پێشوەختە بنێین بۆ پاراستنی ئاسایشمان، دەبێت وریا بین”.

لە بارەی قەیرانی مرۆییش لە غەززە، ترەمپ روونیکردەوە، چەند کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییە تیشکیان خستووەتە سەر رێگاکانی گەیاندنی خۆراک بۆ ناو کەرتی غەززە، وتیشی، “دەمانەوێت خۆراک بە خەڵکی غەززە بدەین، دۆخی مرۆیی لەوێ پێویستی بە کردەوەی بەپەلە هەیە”.