زەواج وەستاوە و کەس زێڕ ناکڕێت

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار نرخی زێڕی گران کردووە و ئەمەش بەقسەی زێڕفرۆشان کاریگەری بەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری کردووە و وەک پێویست ئێستا زێڕ ناکڕن.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەماوەی سێ مانگی رابردوودا بەرامبەر بە دینار کە گەیشتە 30 هەزار دیناریش، واتە لە 147 هەزارەوە گەیشتە 177 هەزار دینار، کاریگەری زۆری لەسەر نرخی زێڕ دروستکرد و میسقاڵێک زێڕ پێشتر بە 375 هەزار دینار بوو، گەیشتە سەرووی 430 هەزار دینار.

ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 153 هەزار دینارە، نرخی میسقاڵێک زێڕی عەیار 21ـیش بە 394 هەزار دینارە.

دلێر تاهیر، نوێنەری زێڕینگرانی سلێمانی دەڵێ، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەری لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری کردووە، چەندەها کەس چاوەڕوانی دابەزینی نرخی دۆلار دەکەن تا نرخی زێڕیش دابەزێت.

“ئەمە کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە، بازاڕی زێڕینگرانی وەستاندووە، تەنانەت کێشەی بۆ ئەو کچانەش دروستکردووە کە مارەبڕاون و بەهۆی گرانی زێڕ هێشتا نەگوازراونەتەوە”.