توندترین سزا دەدرێن
لیژنەی ئەمنی داوا لە شۆفێرانی گواستنەوەى زیارەتکاران دەکات ئاگاداربن
964+
وریا فەتاح
لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق، چەند رێنماییەکی گرنگی ئاراستەی شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبێلانە کرد کە زیارەتکاران دەگوازنەوە، دەشڵێن: سزاى خێرای لێخوڕین و پابەند نەبوون قورسە.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی لیژنەکە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو رێگایانەی بەرەو کەربەلا دەچن، ئاگاداری و وریایی تەواویان هەبێت لە کاتی لێخوڕیندا و بە هیچ شێوەیەک خێرایی زیاد نەکەن بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکاران و هاووڵاتیان.”
میری ئاماژەی بەوەشکرد، مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و رادارەکان بۆ دیاریکردنی خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوکراونەتەوە، بەتایبەتی لەسەر رێگا خێراکان، بۆیە هەر شۆفێرێک بەخێرایى زیاد لە پێویست لێبخوڕێت، توندترین رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەروەها داوای لەو شۆفێرانە کرد کە هەست بە ماندوێتی یان خەواڵوویی دەکەن، ئۆتۆمبێل لێنەخوڕن، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی بوونی شۆفێری یەدەگ لە پاسە گەورەکاندا بۆ گرتنەبەری نۆرە و پاراستنی سەلامەتی گشتی.
بەشێکى زۆرى زیارەتکارانى ئێرانى لە دەروازەکانى کوردستان و بەتایبەت دەروازەى حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمى کوردستان و لە حاجى ئۆمەرانیشەوە بەچەندد قۆناغێک و بە پاس دەگوازرێنەوە بۆ کەربەلا و نەجەف.