سه‌فین كانه‌بی ده‌ڵێت نایه‌ڵن بچمه‌ یاریگا و وه‌لید عاره‌بیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، رایگه‌یاند پێیانوتووه‌ نه‌یه‌ته‌ ناو یاریگای یانه‌ی هه‌ولێر، سه‌رۆكی یانه‌كه‌ش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كارێكی له‌م جۆره‌یان كردبێت.
سه‌فین كانه‌بی، كه‌ جێگری سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێره‌، به‌ تۆڕی 964ی وت “له‌لایه‌ن كارمه‌ندێكی یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ پێم راگه‌یاندرا، كه‌ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی یانه‌كه‌وه‌ بڕیاردراوه‌ نه‌یه‌ڵن بێمه‌ ناو یاریگای یانه‌كه‌ “یاریگای فرانسۆ هه‌ریری”.
وتیشی “خۆم 40 ساڵ وه‌ك یاریزان، كارگێڕ، راهێنه‌ر و جێگری سه‌رۆك، خزمه‌تی یانه‌ی هه‌ولێرم كردووه‌، باوكیشم 60 ساڵ به‌ گیرفانی خۆی خزمه‌تی یانه‌كه‌ی كردووه‌، له‌ دواهه‌ڵبژاردنیشدا كه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌رچوون، یه‌كه‌م كه‌س بووم چووم پیرۆزباییم لێكردن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنیدا نییه‌ و به‌م بڕیاره‌ی پێیگه‌یشتووه‌، تووشی شۆك بووه‌.
سه‌فین كانه‌بی، به‌هۆی باری ته‌ندروستيی خۆیه‌وه‌ ناتوانێت به‌سه‌ر په‌یژه‌ بكه‌وێت و ناچاره‌ له‌ ناو یاریگا و له‌ نزیك ده‌رگای هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل دابنیشێت.
“هه‌ر حیسابی كه‌سێكی په‌ككه‌وته‌ و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیشیان بۆ نه‌كردووم” سه‌فین كانه‌بی وای وت.
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی سه‌فین كانه‌بیدا، وه‌لید عاره‌ب سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ تۆڕی 964ی وت  “هیچ بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ نییه‌ رێگری له‌ سه‌فین كانه‌بی بكرێت بێته‌ یاریگا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و برای گه‌وره‌ی ئێمه‌یە و زۆر رێزمان گرتووه‌، ته‌نانه‌ت به‌ دڵی خۆی له‌و شوێنه‌ دانیشتووه‌، كه‌ پێی ئاسووده‌یه‌، چونكه‌ ده‌زانین به‌هۆی باری ته‌ندروستییه‌وه‌ ناتوانێت بۆ شوێنی ڤی ئای پی سه‌ركه‌وێت”.
“ته‌له‌فۆنم بۆ خۆی كردووه‌ و دڵنیام كردووه‌ته‌وه‌ هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ رێگری لێبكات و ئه‌و خۆی خاوه‌نی یانه‌ی هه‌ولێر و یاریگای فرانسۆ هه‌ریرییه‌، هیچ ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ش قسه‌یه‌كی له‌مجۆره‌ی نه‌كردووه‌، داواشم لێكردووه‌ كێ ئه‌و قسه‌یه‌ی پێوتووه‌ ناوه‌كه‌یمان پێبڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین” سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر وای وت.
سه‌فین كانه‌بی یه‌كێكه‌ له‌ ناودارترین كه‌سایه‌تییه‌ وه‌رزشییه‌كانی كوردستان، وه‌ك یاریزان، راهێنه‌ر، كارگێڕ و جێگری سه‌رۆك، ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 ساڵ له‌ یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌، هه‌روه‌ها 16 ساڵیش سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بووه‌.