ساغكردنەوە
دەنگۆی شكانی بۆری ئاوی دوكان – سلێمانی دوورە لە راستییەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەو دەنگۆیانەی كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، دەوترا بۆری ئاوی دوكان بۆ سلێمانی شكاوە راستنین و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت، تەنیا پاككردنەوەی یەكێك لەبۆرییەكانی پڕۆژەی ئاوی هێڵی یەکی دوكان بووە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، 29.7.2025 لە پیر قوربانی نزیك گوندی قەمچوغەی قەزای دوكان، بە هۆی پاككردنەوە و شوتنی یەكێك لە بۆریەكان و سەر ڕێژبوونی كلاری فایەر (حەوزی ئاوەكانی) پڕۆژەی ئاوی هێڵی یەکی دوكان – سلێمانی ئاوی پڕۆژەكە رژاوەتە سەر شەقامی گشتی دوكان بۆ سلێمانی و رۆژانە چەند جارێك ئەو حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە.
لەو بارەیەوە بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964یـی وت، ئەو هەواڵەی بڵاوكراوەتەوە لەسەر شكانی بۆری ئاوی دوكان بۆ سلێمانی راست نییە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات، لەئێستادا هیچ گرفتێكمان نییە و ئاوی هێڵەكە وەكو پێشوو دەگاتە گەڕەكەكانی سلێمانی.
دەشڵێت، ئەوەی هەبووە ئاوەكە رژاوەتە سەر شەقامی گشتی دوكان بۆ سلێمانی، تەنیا پاككردنەوەی فلتەرەكانی ئاو و سەرڕێژبوونی حەوزەكانی پڕۆژەكەیە.
پڕۆژەی ئاوی دوكان – سلێمانی لە دوو هێڵی (1-2) پێكهاتووە و بە چەند فلتەر و كلاری فایەرێك، ئاوی خواردنەوەی بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی سلێمانی دابین دەكات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی