وەزارەتی كارەبا:

“هەر كەسێک كارەبا بە نایاسایی رابكێشێت چوار ملیۆن دینار غەرامە دەكرێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی كارەبای كوردستان رایگەیاند، هەر كەسێك كارەبا بە نایاسایی رابكێشێت، غەرامەی دەكەن تا ئاستی چوار ملیۆن دینار، هەر ئەوەش نییە و ئەو ماوەیەی كارەبا نایاساییەكەی بەكارهێناوە، پارەی ئەویشی لێوەردەگرن.

وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ سێشەممە 29.7.2025 رایگەیاند، رێنمایی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بە شێوەیەکی نایاسایی، دەخرێنەکار لەو ناوچانەی کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی رووناکییان هەیە.

هەروەها دەڵێن، بەپێی رێنماییەکان هەر کەسێک کارەبای نایاسایی رابکێشێت، ئەوا تا 4 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و بڕی پارەی کارەبای بەکارهێنراو لە ماوەی راکێشانی کارەبا بە شێوەیەکی نایاسایی، لەسەر هەژمار دەکرێت.

وەزارەتەكە رایگەیاندووە، بەدواداچوونی یاسایی بۆ هەر كەسێك دەكرێت كارەبای نایاسایی رابكێشێت و هێڵی کارەباكەشی دەپچڕێت.

وەزارەتی کارەبا جەخت لە گرنگی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەکاتەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بە شێوەیەکی رێکوپێک پسولەی کارەبای مانگانەیان دەدەن.

هەروەها رایدەگەیەنن، هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا و دەستکارییکردنی پێوەری کارەبا مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی زیانی گیانی بەهۆی تەزووی کارەبا یاخود ئەو ئاگرەی بەهۆیەوە دروست دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی سەرپێچیکردن و ڕاکێشانی کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی، وەزارەتی کارەبا هانی هاوڵاتیان دەدات بۆ ئەوەی تیمەکانی وەزارەت ئاگاداربکەنەوە لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی رووناکی بە ژمارە 1992.

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند، دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2026.

تاوەکو ئێستاش بە قسەی پڕۆژەی رووناكی، زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی کارەبای بەردەوامییان بۆ دابینکراوە لە پڕۆژەی رووناکی، هەروەها حکومەتی هەرێم لە پلانیدایە  تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکات.

هاوكات دەقی تەواوی رێنماییە نوێیەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبا بەردەستە لە ڕێگەی ئەم لینكەوە بیخوێننەوە، كە لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوبووەتەوە.

تا کۆتایی ساڵ پرۆژەی رووناکی لە  سەنتەری هەڵەبجە تەواو ...

تا کۆتایی ساڵ پرۆژەی رووناکی لە سەنتەری هەڵەبجە تەواو دەبێت