خانه‌قین فێستیڤاڵی گۆرانی رێكده‌خات و شوێنی بۆ میوانان نییه
964+
زینوێ حه‌سه‌ن
بڕیاره بۆ یەکەمجار لە دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه، له خانەقین فێستیڤاڵێکی گەورەی هونەری بۆ هونەرمەندانی شارەکە ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام میوان بانگهێشت ناكه‌ن، چونكه قه‌زاكه ته‌نیا هوتێلێكی هه‌یه.
خەلیل ئەشرەف بەڕێوه‌بەری فێستیڤاڵی گۆرانی خانەقینی به تۆڕی 964ی وت “ئەنجامدانی فێستیڤاڵ پێویستی بە تێچوویەکی زۆرە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بتوانین فێستیڤاڵێکی باش رێكبخه‌ین، به‌ڵام هۆڵی گەورەمان نییە، تاكه هۆڵی گه‌وره‌ی خانه‌قین 226 کورسی تێدایە، ئەمەش کێشەیە”.
ئه‌و ده‌ڵێت “كێشه‌یه‌كی دیكه‌مان نه‌بوونی هوتێله له خانه‌قین، کاتێک میوان بۆ فێستیڤاڵه‌كه دێن، ناچارین له كه‌لار هۆتێلیان بۆ دابین بکەین”.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، ماڵی رووناکبیریی سەلام له خانه‌قین، چەندان ساڵە کار و چالاکیی هونەری رێكده‌خات و بەهرەی گەنجەکانی شارۆچكه‌كه به كردنه‌وه‌ی پێشانگا و كاری جۆراوجۆری هونه‌ری په‌ره پێده‌دات، جگه له پاراستنی کلتورو فەرهەنگی ناوچه‌كه و پارێزگاری لێکردنیان.
“ئێمە وەک ماڵی رووناکبیری سەلام، لەگەڵ هونەرمەندان و بەهرەمەندانی خانه‌قین بڕیارمانداوه گۆرانی و ئاوازە رەسەنەکانی ساڵانی شەستەکان و قوتابخانە و بەستەی ئای ئایەکەی هونەرمەند کۆچکردوو “خوداداد عەلی” لە 2023 و له فێستڤاڵی گۆرانی خانه‌قین زیندوو بکەینەوە” خەلیل ئەشرەف وای وت.
فێستیڤاڵی گۆرانی خانەقین، كه یه‌كه‌مجاره له دوای 2003 دێته ئه‌نجامدان، بڕیاره لە بەهار و نەورۆزی ئەمساڵ به‌ڕێوه‌بچێت و دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت، كه هونه‌رمه‌ندان و بەهرەمەندانی شارۆچكه‌كه به‌شداریی تێداده‌كه‌ن.