کرمى تێچووە
رانیە؛ چەرەساتى مێخەک داخرا
964+
وریا فەتاح
لەلایەن لیژنەکانى قائیمقامییەتى رانیەوە، چەرەساتێکى بەناوبانگى شارەکە داخرا، ئەوەش بەهۆى بوونى پاشماوەى کرم و حەشەراتەکان و ریکلامى نازانستى بۆ بابەتەکانیان بەتایبەت شیرینى بۆ نەخۆشانى شەکرە.
قائیمقامییەتى رانیە بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 28.7.2025، لەسەر سکاڵاى هاوڵاتیان بەدواداچونیان بۆ شوێنکارێک کرد بەناوى چەرەساتى مێخەک کە پێشتریش رێنمایى پێدرابوو، بەڵام بەهۆى پابەندنەبوونەوە داخرا.
وەک ئەوەى لیژنەکە خستوویانەتەڕوو، لە ئەنجامى پشکنینەکانیان گەیشتوون بەم سەرپێچیانە:
یەک: ریکلام کردن بۆ ئایتمەکانی ناو کارگە بەشێوەی نازانستی کە هاوتەریب نیە لەگەڵ سیستەمی خۆراکی .
دوو: نەبوونی هیچ پسپۆرێکی خۆراکی لە کارگەکەیدا کە لە شوێنکاری ناوبراو کاری درووستکردنی بەرهەمی خۆراکی دەکرێت.
سێ: بوونی قۆزاخەو حشرات لە شوێنکاری ناوبراو بەهۆی بوونی شێ .
چوار: بەکارهێنانەوەی پێکهاتەی درووستکردنی شیرینی بۆ زیاتر لە جارێک .
پێنج: ریکلام کردن لە سۆشیاڵ میدیادا بەدەر لە رێنمایی تەندرووستییەکان بۆ نەخۆشانی هەڵگری شەکرەو زەخت و قەڵەوی و زەعیفی .
شەش: نەبوونی کارتی تەندرووستی کارمەندێک .
وەک ئەوەى لیژنەکە جەختى لێکردووەتەوە، پێشتریش ئاگادارکراوەتەوە و رێنمایى پێدراوە، بەڵام پابەند نەبووە بۆیە دایانخستووە.
داواش دەکات، هەرکەسێک سەرپێچى بینى لە رێگەى ژمارە مۆبایلى 07708593000 ئاگاداریان بکاتەوە.
