لە زاهیدانی ئێران هێرش كرایەسەر دادگا
لە سەردەشتیش كوژراو هەیە
لە زاهیدانی ئێران هێرش كرایەسەر دادگا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژمارەیەك چەکدار هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەیەکی دادوەری لە شەقامی ئازادی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و كوژراو و برینداریش هەن.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ئەمڕۆ شەممە 27.6.2025 بڵاویکردەوە، لەناو دادگای شاری زاهیدان پێکدادانێکی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێرشبەران روویداوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ژمارەی قوربانییەکان و بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە تیمەکانی فریاکەوتن و ئەمبولانس و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێرشبەرەکان چوونەتە ناو باڵەخانەکەوە و تەقەیان کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد دەستبەجێ لەسەر قەبارەی زیانەکان لەبەردەستدا نییە.
هەر ئەمڕۆ شەممە لە شاری سەردەشت سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی كوردستان و باکووری رۆژئاوای ئێران هێرش کرایەسەر بنکەیەکی سەربازی سوپای پاسداران، ئەندامێکی بەسیج کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
ئەفسەری پەیوەندییە گشتییەکانی فەیلەقی شەهیدانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، “ئەندامانی تاقمێکی تیرۆریستی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە ئەندامێکی بەسیج کردووە و یەکێکی دیکەیان بریندار کردووە لە بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیک گوندی ئاغلان لە سەردەشت، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە”.