وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم:

“بڕینی 1٪ـی موچە لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراقە و تەنیا بۆ یەکجارە”

شۆڕش قادری

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕینی 1٪ـی موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراقە و تەنیا بۆ یەکجارە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووتەوە، لەگەڵ دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من، چەند پرسیارێک لای فەرمانبەران دروست بووە و لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بڕەپارەیەکیان بەراورد بەمانگەکانی پێشوو لێبڕاوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە؛

1- سەبارەت بەو لێبڕینە کە بڕەکەی تەنها لە ( 1٪ )ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە و لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بڕدراوە.

2- ئەو لێبڕینی ( 1٪ )ە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بووە، تەنها فەرمانبەرانی هەمیشەیی و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بەهیچ جۆرێک خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.

3- ئەو لێبڕینە تەنها بۆ یەک جارە و لەسەر مووچەی مانگی ئایار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاندووە، سەرجەم فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە.