حەمید مورادی، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی نۆژینی شنەی کوردستان - وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
لە ئاویەری سنە
ژینگەپارێزێک لە رووداوێکی سەختی ئاگردا سووتا و گیانی بەخشی
964+
ئەحمەد مستەفا
حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگەیی لە سنە، لە کاتی ئاگرکوژێنەوە لە چیای ئاویەر بەهۆی سووتانی سەختەوە گیانی بەخشی.
حەمید مورادی، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی نۆژینی شنەی کوردستان بوو، کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە سنە تووشی سووتانی سەخت بوو، دواتر گیانی بەخشی.
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە، مەعروف مەجید بە 964ی وت، حەمید مورادی، خەڵکی سنە بووە، کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر تووشی سووتانێکی سەخت بوو، لە نەخۆشخانەی “کۆوسەر” لە شاری سنە گیانی لەدەست دا.
لەگەڵ ئەودا، فراوانی ئاگرەکە برینداربوونی 6 کەس و سووتانی 150 هێکتار دارستان و زەوی لێ کەوتووەتەوە.
ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێر 1:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، لە ناوچەکانی پشت پارکی منداڵانەوە دەستیپێکردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری زاگرۆس و شارۆچکەی حەسەن ئاباد بڵاوبووەتەوە.
سەرەڕای تەشەنەسەندنی خێرای ئاگرەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە تەواوی لەلایەن خەڵکی مەدەنی و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجامدراوە.
ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە کاتێکدا روویدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی لە ساڵانی رابردوودا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە هاوشێوەکاندا گیانیان لەدەستداوە.