وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانى عێراق
لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە چى وتراوە؟
سودانى ناوەڕۆکى پەیوەندییە تەلەفونییەکەى لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا خستەڕوو
964+
وریا فەتاح
نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆک وەزیرانى عێراق، ناوەڕۆکى پەیوەندییە تەلەفونییەکەى سودانى و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاى ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکان و رێککەوتنە نوێکەى هەولێر و بەغدا و یاساى حەشدى شەعبى، قسەوباسى پەیوەندییەکە بوون.
بەپێى راگەیەندراوەکە، سودانی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییە کرد بۆ سەر دامەزراوە گرنگ و نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک، هەروەها هێرشەکانیشى بە ئامانجگرتنی ئابووری نیشتمانیی عێراق وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی هێرشەکان دەکەن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سودانى سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنی پرەنسیپەکانی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن بۆ وەبەرهێنان لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین”.
لەبارەى یاساى حەشدى شەعبییەوە، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە سودانى رایگەیاندووە کە خستنەڕووی ئەم یاسایە لە پەرلەمان بەشێکە لە رێڕەوی چاکسازی ئەمنی کە حکومەت گرتوویەتیەبەر و لەناو کارنامەی حکومەتدایە.
” حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراقە و لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندایە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی کردووە، کە ناڕەزایەتی هەندێک لە لایەنە کوردی و سوننەکانی لێکەوتووەتەوە”، سودانى واى بە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا وتووە.
هەرێمى کوردستان چۆن باسکراوە
بەپێى راگەیەندراوى نوسینگەى سودانى، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو و داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی گشتی، یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، ئەمەش دواى رێککەوتنە نوێیەکە.
بەپێى راگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکە مارکۆ رۆبیۆ، باسی گرنگی پێدانی موچەی هەرێمی کوردستان و بە بەردەوامی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری عێراق – تورکیاوە کردووە.
جەختیشى کردووەتەوە کە دەبێت لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی ئەو هێرشە درۆنیانە بکرێت و حکومەتی عێراق رێگری بکات لە هەرهێرشێکی دیکەی درۆنی
هەر لە راگەیەندراوەکەى نوسینگەى سەرۆک وەزیراندا هاتووە، سودانى لەبارەى هەناردەکردنى نەوت جەختیکردووەتەوە کە پێویستە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەستپێبکاتەوە و هەموو جۆرە قاچاخچێتی و کارە نایاساییەکان بوەستێنرێن.