داوا لەدانیشتووانی 11 گەڕەک دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن

11 گەڕەکی دهۆک بێ ئاو دەبن

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی گۆڕینی بۆڕی ئاوەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دهۆک داوا لەدانیشتووانی 11 گەڕەک دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن.

بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بۆڕی ئاو و دروستکردنی پڕۆژەیەکی نوێ، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دهۆک داوا لەدانیشتووانی 11 گەڕەک دەکات کە ئاو کەم خەرج بکەن تاوەکو کاری پڕۆژەکە تەواو دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی دەست تۆڕی964 کەوتووە، گەڕەکەکانی KRO، شێلێ، گەلی دهۆک، گرێ باسێ، شاخکێ، زۆزان، جەمعیەی گرێ باسێ، بازاڕی دهۆک، گەڕەکی خەستەخانە (تاخێ خەستێ)، گەڕەکی کۆچەرا، گەڕەکی بازاڕی قەساب، لەرۆژی چوارشەممەی داهاتووە 22.2.2023 بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بێ ئاو دەبن.

ڤەگێر ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی964ـی وت، بەهۆی گواستنەوەی بۆڕی ئاوی ئەو گەڕەکانە بۆ هێڵی سەرەکی وێستگەی سێمێل و گرێ باسێ لەپڕۆژەی ئاوی دهۆک، ئەو 11 گەڕەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بێ ئاو دەبن.

زیاتر وتی “درێژی بۆڕییەکە 900 مەترە، لەگەڵ دانانی بۆڕییەکەدا کۆڵانەکان هەڵدەکۆڵدرێن و دواتریش سەب دەکرێنەوە”.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق