هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە نەزانراوە
لە دەربەندیخان 1000 دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتا
964+
شۆڕش قادری
ئاگر بەرۆکی سروشتی کوردستان بەرنادات و لە دەربەندیخان نزیکەی هەزار دۆنم پوش و پاوان و دارستان بە هۆکاری نادیار سووتا.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئاگرێکی گەورە لە سنووری گوندی زمناکۆی قەزای دەربەندیخان سەریهەڵداوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لەگەڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی دەربەندیخان و خەڵکی گوندەکانی ناوچەکە، هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە.
مەترسی مین و پاشماوەی جەنگیی ئەرکی تیمەکانی قورس کردبوو، چونکە چەند جارێک دەنگی تەقینی مین و تەقەمەنی بیستراوە و هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، دواجار بە هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەکان، نزیکەی هەزار دۆنم لە پوش و پاوان و دارستان سووتاوە و زیانی زۆر بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.
تائێستاش هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی ئاگرەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەوبارەیەوە بەردەوامە.