دواى 50 ساڵ

تورکیا بڕیاریدا: رێککەوتنی هێڵی بۆری نەوت لەگەڵ عێراق ساڵى داهاتوو کۆتایى دێت

964+

وریا فەتاح

دواى 52 ساڵ لە رێککەوتن، بڕیارێکی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە رۆژنامەی فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە رێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، لە 27ـی تەموزی 2026 کۆتایی پێدێت.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات لە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی هێڵی بۆری عێراق – تورکیاوە.

رێککەوتنى تورکیاو عێراق بۆ گواستنەوەى نەوتى عێراق لە رێى تورکیاوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1973 و لە ساڵی 1975 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی بڕیارەکەى تورکیا، رێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق و سەرجەم پرۆتۆکۆل و یاداشتنامەکانی دواتریش لەو بەروارەدا هەڵدەوەشێنرێنەوە، هیچ هۆکارێکیش بۆ ئەم بڕیارە رانەگەیەندراوە.

ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی 50 ساڵ بوو و مەبەست لێی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بوو لە رێگەی هێڵی کەرکوک-جەیهانەوە.

لە ساڵی 2010دا، رێککەوتنەکە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەموارکرایەوە و بۆ ماوەی ١٥ ساڵی تر درێژکرایەوە، کە دەکاتە تا ساڵی 2025.

هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی ئەم هێڵە بۆرییەوە لە مانگی ئازاری 2023ـەوە لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ئەنقەرەی بە پێدانی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە بەغدا سزا دا، بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.

لەو کاتەوە، گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر پارەی گواستنەوە و گرێبەستەکانەوە، تا ئێستا دانوستانەکان بە ئەنجامێکی کۆنکرێتی نەگەیشتوون، تورکیا داوای کشانەوەی داوای قەرەبووکردنەوەی دووەمی لەلایەن عێراقەوە دەکات، لە کاتێکدا عێراق داوای پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی دەکات.

 هەرێم و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت نەگ...

 هەرێم و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت نەگەیشتن بەرێککەوتن