باڵەخانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق _ وێنە: راگەیاندنی دادگا
یەکلایکردنەوەی فەرمان سالاریش لە پێشە
بۆ سێ دۆسیەی پەیوەست بە هەرێم دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە
ئەحمەد مستەفا
لەگەڵ ئەوەی، کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر پرسی “فەرمان سالاری موچە” بۆ رۆژی 28ـی تەمموز دواخراوە، ئەمڕۆ دادگا بۆ سێ دۆسیە و سکاڵای پەیوەست بە گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی و پڕۆژەی روناکی کۆببێتەوە.
بەپێی خشتەی کاری دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە 20.7.2025، گفتوگۆ لەسەر سێ دۆسێیە دەکات کە هەرسێ دۆسێیەکە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
بە گوێرەی بڵاوکراوەی دادگا بێت، دوو دۆسییەیان تایبەتە بە گرێبەستی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیا لە ئەمەریکا کە رۆژی 19ی ئایار، بە ئامادەیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کران.
یەکێک لە سکاڵاکان دژی گرانی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری و پڕۆژەی رووناکی تۆمارکراوە، سکاڵاکار دەڵێ، نرخی ئەو کارەبایەی دەدرێتە هاوڵاتییانی هەرێم لە نرخی کارەبای عێراق زیاترە.
پێشتر، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، پەرلەمانتار سروە عەبدلواحید سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکردووە و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی روناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری کردووە، باڵاترین دادگای وڵاتیش دانیشتن لەبارەی دۆسیەکەوە دەکات.
هەر ئەو پەڕلەمانتارە نا، پێشتریش عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی، لەسەر گرانکردنی نرخی کارەبای ماڵان، سکاڵای یاسایی لەسەر وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.