کارمەندانی پسوولەی خۆراک: بێ پاداشت دەوام ناکەین
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خۆراک لە سلێمانی بەهۆی پێنەدانی پاداشتەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد.
نەوال عەلی کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تۆڕی 964 ی راگەیاند، ماوەی دوو مانگە بڕیارێک لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دەرچووە، دەبێت لەو پارەیەی لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت لە لایەن بریکارەکانی خۆراکەوە، وەک پاداشت بدرێت بە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسولەی خۆراک و بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی.
ئەو بڕیارە تەنیا بەڕێوەبەرایەتی خۆراک دەگرێتەوە و ماوەی دوو مانگە هەر کارمەندێک پاداشتی ملیۆنێک و 50 هەزار دیناریان وەرگرتووە، دوو بەڕێوەبەرایەتییەکەی دیکە بێبەشکراون، بە وتەی نەوال عەلی.
فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئەمڕۆوە بایکۆتی دەوامیان کردووە و سەرجەم کارەکانیان راگرتووە، دەڵێن تا ئەو پاداشتە ئەوانیش نەگرێتەوە کاروباری هاوڵاتیان رایی ناکەن.
نەسرین محەمەد کارمەندێکی دیکەیە، بە تۆڕی 964ی وت “سەرجەم کارەکان ئێمە دەیکەین و دەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆراک، پاداشتەکە ئەوان دەگەێتەوە و ئێمە ناگرێتەوە.”