لە گەڕەكێكی هەولێر 144 قەلاب زبڵ و پاشماوەی خانووبەرە كۆكرایەوە
لە گەڕەكێكی هەولێر
144 قەلاب زبڵ و پاشماوەی خانووبەرە كۆكرایەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لەسەر داواكاری هاوڵاتیان، گۆڕەپانێكی گەورە لە گەڕەكی سیمی خاتووناوە پاككرایەوە، كە 144 قەلاب زبڵ و پاشماوەی لێ فڕێدرابوو.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، بە سەرپەرشتی لیژنەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپازێزی، هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوەی گۆڕەپانێکی گەورە لە گەڕەکی سیمی خاتووناوە ئەنجامدرا.
هەروەها دەڵێن، دوای ئەوەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی گەڕەکەكە داواکارییان پێشکەش بە شارەوانی سنوورەکە کرد بوو، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانیان توانرا لە ماوەی دوو رۆژدا بڕی 144 قەلاب لە زبڵ و پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی خانووبەرە لە گۆڕەپانەکە بە تەواوی پاک بکرێتەوە و بە پانتایەکی جوانتر و سیمایەکی خاوێن گۆڕەپانی گەڕەک بۆ دانیشتوان و هاوڵاتیان جێبهێڵن.
شارەوانیی هەولێر دەڵێت، هەموو ئەمانە لەپێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و پاراستنی پاکوخاوێنی شارە.