یانەى دهۆک
پاڵەوانى جامى عێراق
لە دڵى عێراق دا؛ دێربى بادینان بە بردنەوەى دهۆک کۆتاییهات
964+
وریا فەتاح
دوور لە بادینان و لەسەر یاریگاى شەعب و بە ئامادەبوونى هەزاران هاندەر، دێربى بادینان بەڕێوەچوو و یانەى دهۆک بوو بە پاڵەوانى جامى عێراق.
ئەمشەو، شەوێکى مێژوویى بوو بۆ تۆپى پێى عێراق و هەرێمى کوردستان، کە تێیدا دوو یانە بە تام و بۆنى کوردەوارى لەناو دڵى عێراقدا و لە یاریگاى شەعب، لە یارى کۆتایى جامى عێراق رووبەڕووى یەکترى بوونەوە.
دهۆک و زاخۆ کە دوو یانەى بادینانن، بۆ یەکەمجارە لە مێژووى جامى عێراقدا وەک دوو یانەى کوردى گەیشتن بە یارى کۆتایى جامەکە و دواى 120 خولەک لە نمایشى سەرنجڕاکێش و دروستکردنى هەلى گۆڵ، سەرەنجام بۆ یەکلایکردنەوەى یانەى پاڵەوان پەنابرایە بەر لێدانە یەکلاییکەرەوەکان.
لە لێدانە یەکلاییکەرەوەکاندا، دهۆک توانى بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بەسێ کۆتایى بە یارییەکە بهێنێت و بۆ یەکەمجار جامەکە بهێنێت بۆ کوردستان.
“گرنگ ئەوەیە کوردستان سەرکەوت”
لە پەیامێکدا، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند: پیرۆزبایى لە هەردوو یانەى دهۆک و زاخۆ دەکەم، بۆ بەدەستهێنانى پلەى یەک و پلەى دووى جامى عێراق، سەرکەوتنى بەردەوام بۆ هەردوو یانە دەخوازم، گرنگ ئەوەیە کوردستان سەرکەوت.
نەورۆز پیرۆزبایى لە دهۆک دەکات
یانەى نەورۆزى شارى سلێمانى، وەک یەکەم یانە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، پیرۆزبایى بوون بە پاڵەوانى جامى عێراق لە یانەى دهۆک دەکات.
لە پەیامەکەى نەورۆزدا هاتووە،” به ناوی سهرۆك و دهستهی كارگێڕی یانهی وهرزشی نهورۆزهوه پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستهی یانهی دهۆك دهكهین به بۆنهی بوون به پاڵهوانی جامی عێراق”.