مینەکان لە جێگای مەترسیداردا بوون
تەقینەوەیەکی بەهێز لە پێنجوێن بیستراوە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاخی ناوشاخان و نزیک سەنتەری قەزا روویدا و تەقینەوەکەش تیمی مین لابردن ئەنجامیاندا.
محەمەد ئیبراهیم حەسەن، سەرۆکی تیمی مین لابردنی دەستی لە پێنجوێن بە 964ـی وت، “کۆمەڵێک مینی دژەکەسی و گوللـەهاوەن و پاشماوەی جەنگی دوای کۆکردنەوەیان لە ناوچە جیاوازەکانی پێنجوێن، تەقێندراوەتەوە”
“لە لایەن هاوڵاتیيانەوە ئاگادار کراونەوتەوە و مینەکان لە جێگای مەترسیداردا بوون و نزیک بوون لە ئاوەدانیەوە و هەموو ئەو پارچانە لە لایەن تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی مینی سلێمانییەوە تەقێندراوەتەوە و لەناوبراون بەشێوەی زانستی و ئەندازەیی”.
پاشماوە جەنگییە لەناوبراوەکان ئەمانەبوون:
یەکەم: دوانزە گولـلە هاوەن
دووەم: دوو گولـلە ئار پی جی
سێهەم: 41 مینی دژەکەسی لە جۆرەکانی V-69 و VS-50
چوارەم: دوو رومانەی دەستی
پێنجەم: زیاتر لە 60 پارچە یەکسۆ( پاشماوەی تەقەمەنی)
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مینی سلێمانی، پێنجوێن پیسترین ناوچەی عێراقە بە مین و ساڵانە لە سنوری ناوچەکە چەندین پارچە مین لە ناو دەبرێت.
پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح