کۆمپانیای DNO واده‌ڵێت
بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو کێڵگەی هه‌رێمى كوردستان راگیرا
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
کۆمپانیای DNOی نەرویجی ده‌ڵێت، بەرهەمهێنانیان لە دوو کێڵگەی نه‌وتى له زاخۆ راگرتووه، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌و هێرشه درۆنییانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه به‌یانی ئه‌مڕۆ له سه‌رچاوه‌ی نه‌ناسراوه‌وه كرایه سه‌ر هه‌ردوو كێڵگه‌كه .
کۆمپانیاكه لە راگەیەنراوێکدا كه له ماڵپه‌ره فه‌رمییه‌كه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه، بەهۆی ئەو هێرشە درۆنیه‌ی کراوەتە سەر هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشخابور، بەرهەمهێنانی نەوتیان بە شێوەیەکی کاتی لەو دوو کێڵگەیە راگرتوە، هێرشه‌كه‌ش هیچ زیانێکی گیانی نه‌بووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، یەکێک لە تەقینەوەکان، لە کۆگایەکی نەوتی بچوکی کێڵگەی تاوکێ و ئەوەی دیکەشیان لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان بووە لە کێڵگەی پێشخابور.
کۆمپانیای DNOـى ده‌شڵێت، له ئێستادا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن و دوای تەواوبونی خەمڵاندنی زیانەکان، دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە.
لایخۆشییه‌وه، دژەتیرۆری کوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی لهوهكردوه، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15 لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، لە کاتژمێر 7:00 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانیان لێ نەکەوتەوە.