محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق. وێنە:ئاژانسی هەواڵی عێراق.
"هیچ نەرمی مەنووێنن"
سودانی داوای لێکۆڵینەوەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
لە 24 کاتژمێری رابردوو، دوو کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لە سەرسەنگ و خورمەڵە، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، فەرماندەی گشتی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بێ نەرمی نواندن لێکۆڵینەوە بکەن.
وتەبێژەکە دەڵێ، ئەم رووداوانە نوێنەرایەتی مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان دەکات.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ سێشەممە 15.7.2025 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دەستدرێژی کردنە سەر هەوڵەکانی دەوڵەت لە چەسپاندنی سەقامگیری و پێشخستنی چەرخی گەشەپێدانە، و سروشت و کاتی ئەم کردەوە تاوانکارییانە ئاماژەیەکە بە بوونی نییەتی خراپ.
ئەو وتەبێژە دەڵێ، ئامانج لێی تێکدانی دۆخی عێراق و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە گرنگەکانی، بۆیە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و فراوان دەستپێبکەن، بۆ دەستنیشانکردنی لایەنەکانی پشت ئەم هێرشانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لە دژی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون بەبێ هیچ دوودڵی و نەرمی نواندنێک.
لە راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە دەکاتەوە حکومەتی عێراق بە هەموو دامەزراوە و دەزگاکانیەوە ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق نادات و هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و پتەوکردنی سیستەمی بەرگری، بەشێوەیەک رێگر بێت لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە کردەوانە و پاراستنی سەروەری عێراق و مافی گەلەکەی.