هەریەك لە ئاوازێك دەخوێنێت

لەلایەك كارەبای 24 كاتژمێریيە و لەلایەك خۆپیشاندانە دژ بە نەبوونی كارەبا

964+

محەمەد فاتیح

هەریەك لە ئاوازێك دەخوێنێت… ئەمە رێك بۆ بارودۆخی كارەبای هەرێمی كوردستان گونجاوە، لەلایەك كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاونیشتیمانیان دابین دەكەن لەلایەكی تریشەوە خەڵك خۆپیشاندان دەكەن دژ بە نەبوونی كارەبا.

بەپێی داتاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی رووناکی کارەبای 24 کاتژمێریی گەیاندووته 2,000,000 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و تائێستا 90,000 شوێنی بازرگانيی لە سەرتاسەری كوردستان سوودمەندن لە كارەبای 24 كاتژمێری.

هاونیشتمانیەک لەپێناو داواکردنی رووناکی گیانی بەخشی

لەگەڵ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، ماوەیەكه بەهۆی نەبوونی کارەبا لە دەورووبەری پارێزگای هەولێر بە تایبەتی قەزای خەبات خۆپیشاندان دەكرێت و دواجار گرژی  و ئاڵۆزی خۆپیشاندانەکانی وەرتێ بەهۆی نەبوونی کارەباوە، تەقەی تێکەوت و هاونیشتمانیەکیش لەپێناو داواکردنی رووناکی گیانی بەخشی.

هەر دوێنێ‌ شەو دانیشتوانی ناحیەی بالیسان و گوندەکانی دەوروبەری رێگەی سەرەکی هه‌ردوو ئیداره‌ى سۆران و راپه‌ڕینیان داخست و داوای چاککردنی کارەبا دەکەن و دەشڵێن بەهۆی نەبوونی کارەباوه‌ ئاویشیان نیيە.

پێشتر زیاتر لە هەشت گوندی سەر بە ناحیەی كەورگۆسكی نزیكی هەولێر، كێشەی نەبوونی كارەبایان هەبوو، گردبوونەوە و رێگەیان گرت و تایەشیان سووتاند، بەڵام دواتر بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەیان پێدرا و كۆتاییان بە خۆپێشاندانەكە هێنا.

حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام باس لەوە دەكات كە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ باشترکردنی ژیانی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە و پڕۆژەی رووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و کارەبای 24 کاتژمێری دەگەیەنێتە سەرجەم ماڵەکانی کوردستان.

دانیشتوانی گەڕەکێکی هەولێر خۆپیشاندانیان کرد

دانیشتوانی گەڕەکێکی هەولێر خۆپیشاندانیان کرد