"چەند رۆژێكی داهاتوو"

بژمێرەكانی رۆژانی سەرژمێریی گشتی پارە وەردەگرن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شایستە داراییەكانی بژمێرەكان خەرج دەكرێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزارەتەكە دەڵێت هەرچەندە 13 ملیار دینار ماوە بەغدا بینرێ، بەڵام توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکومەتی عێراق وەربگیرێ.

وەزارەتی پلاندانان ئەمشەو یەكشەممە 13.7.2025 بڵاویكردەوە، “لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا دوای هەوڵێکی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێم و بریکاری وەزارەت، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکومەتی عێراق وەربگیرێ”.

“رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواو کراون و لەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان هەڵدەستن بە رێکخستنی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا”، وەزارەتی پلاندانان وادەڵێت.

ئاماژە بەوەش دەكەن، هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرباری ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی پێ دەرچووە، بەڵام دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق کەمتەرخەمی دەکەن لە جێبەجێیکردنی، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم دەڵێن، “لە هەوڵی بەردەوامدا دەبن بۆ وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەکان کە نەدراون، تا مافی فەرمانبەرانی ئامار لە هەرێم نەفەوتێت”.

لە سلێمانی بژمێرەکانی پرۆسەی سەرژمێری گردبوونەوە

لە سلێمانی بژمێرەکانی پرۆسەی سەرژمێری گردبوونەوە