ئەم پڕۆژەیە گۆڕانکارییەکی دیجیتاڵیە

ئەپێکی نوێ بەبێ ئینتەرنێت و تۆڕی پەیوەندی كردن

964+

محەمەد فاتیح

لە کاتێکدا کە ئەپەکانی ناردنی نامە زانیاری بەکارهێنەران دەقۆزنەوە و چاودێری چالاکییەکان دەکەن و پاراستنی نهێنیەکان پێشێل دەکەن، جاک دۆرسی دامەزرێنەری پێشووی تویتەر ئەپێکی نوێی ناساندووە کە هەوڵدەدات هەموو ئەم کێشانە تێپەڕێنێت.

دكتۆر موهەنەد حەبیب سەماوی سەرپەرشتیاری گشتی سەنتەری میدیای دیجیتاڵی لە عێراق لە لێدوانێكی تایب بە 964 لەچەند خاڵێكدا ئەم ئەپەمان بۆ دەخاتەڕوو:

-ئەپەکە ناوی BitChat ـە و رێگە بە بەکارهێنەران دەدات نامە بنێرن و وەریبگرن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ئینتەرنێت یان تۆڕی تەلەفۆن هەبێت.

-پشت بە تەکنەلۆژیایەک دەبەستێت بە ناوی BLE Mesh کە تۆڕێکە لە ئامێرەکان  لە رێگەی بلوتوزەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و  لە رێگەیەوە پەیامەکان لە ئامێرێکەوە بۆ ئامێرێکی تر دەگوازرێنەوە تەنانەت ئەگەر ئامێرەکە نزیكیش نەبێت.

-ئەپەکە بە سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە نەبەستراوەتەوە، داوای ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی ئیمەیڵ ناکات، هیچ زانیارییەک کۆناکاتەوە و نامەکان لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر لە رێگەی كۆدەوە دەبێت.

-تایبەتمەندی Panic Mode ـی هەیە کە بەکارهێنەر دەتوانێت دەستبەجێ هەموو نامەکان بسڕێتەوە ئەگەر هەستی بە مەترسی کرد.

-مەبەست لە ئەپەکە بۆ پشتگیریکردنە لە پەیوەندیکردن لەو شوێنانەی بەدەست بچڕانی ئینتەرنێتەوە دەناڵێنن یان چاودێرییەكی چڕیان لەسەرە، ئەمەش وایکردووە کە گونجاو بێت بۆ کاتی قەیرانەکان یان لە وڵاتە دیکتاتۆرەكاندا.

-دەکرێت ئەپەکە بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاربهێنرێت، ئەمەش تەحەدایەکی نوێ بۆ حکومەتەکان و دەزگا ئەمنییەکانیان دروست دەکات.

-ئەپەکە هێشتا لە قۆناغی تاقیكردنەوەدایە، بەڵام لە یەکەم رۆژەکانیدا 10 هەزار بەکارهێنەری بۆ خۆی راکێشاوە، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەوەیە کە لەسەر ئاستی جیهان گرنگی پێدراوە.

“ئەم پڕۆژەیە گۆڕانکارییەکی دیجیتاڵیە دژ بە ئەپە  ناوەندییەکان کە چاودێری دەكرێن و داتای بەکارهێنەر ئیستیغلال دەكات و رەنگە ببێتە سەرەتای ناساندنی مۆدێلی نوێی بەرنامە پارێزراوەکان و ئەمە تەنها ئەپڵیکەیشنێکی نوێ نییە، بەڵکو دیدگا و چەمکێکە کە جیاوازە لە شێوازی باوی ئەپلیکەیشنەکان و سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە بەندە بە توانای فراوانکردنی، چونكە مەودای پەیوەندییەکانی لەئێستادا تەنها 300 مەترە” دكتۆر موهەنەد حەبیب سەماوی واى وت.