دیمەنێك لە چاندنی نەمام لە گەڕەكی سەربەستیی هەولێر، فۆتۆ: شارەوانیی هەولێر
"هەر رۆژەو لە شوێنێك دار دەچێندرێت"
هەڵمەتی نەمام چاندن گەڕەکی سەربەستیی هەولێری گرتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵمەتی چاندنی نەمام و سەوزكردنی شاری هەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ لە گەڕەكی سەربەستی ژماریەك دار چێنران، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانیش دەڵێت، هەر رۆژەی لە شوێنێك هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.7.2025 لە گەڕەكی سەربەستیی هەولێر، كە بە 32ی پارك ناسراوە، هەڵمەتی نەمام و دارچاندن بەڕێوەچوو، كە سەرۆكی شارەوانیی هەولێریش بەشداریی تێدا كرد.
رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بە 964ی راگەیاند، هەڵمەتەكە لە چوارچێوەی پڕۆژەی سەوزكردنی شاری هەولێرە و ئەمڕۆ لە شەقامێكی 30 مەتری لە گەڕەكی سەربەستی 150 دار سیستەم چێنران.
وتیشی، “كارەكە لە لایەن بەشی شەشی ئەندازەی پاركەكان ئەنجامدرا و بەردەوامیش دەبین لە بەرزكردنەوە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە هەولێر، پلانەكەش وایە هەر رۆژەی لە گەڕەكێك هەڵمەتەكە درێژەپێبدەین”.
بە قسەی رێبین ئەحمەد، هەڵمەتەکە لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێرە بۆ زیادکردن و بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی و رەخساندنی ژینگەیەکی جوانی سروشت و پەرەپێدان و بایەخدان بە دوورگە ناوەندی و پارک و باخچەکانی شاری هەولێر.