بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا

شۆفێرێکی خەڵکی موسڵ لە سەرگەڕان گیانی لەدەست دا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە نزیک بازگەی سەرگەڕان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە خەڵکی موسڵ بوو، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەک لە بەشی پۆلیسی هاتوچۆی قەزای دووبز بە 964ـی وت، “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 9.7.2025 لە سەر رێگای نێوان ناحیەی سەرگەڕان و قەزای دوبز، بەدیاریکراوی لە نزیک بازگەی سەرگەڕان، بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا فۆڕتی پێکیانداداوە و دەستبەجێ شۆفێری کیاکە گیانی لەدەستداوە”.

ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی وەلید فەتحی و تەمەنی 22 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی زهوڕە لە موسڵ، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە و کەسوکاریشی لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری رووداوەکە بۆ خێرایی ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێتەوە کە شۆفێرەکەی لە خێرایی سەروو 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرەکەدا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری