سنوورەکە 81 قوتابخانەی تێدایە

پێنجوێن دەوامی خوێندنی ئاسایی کردەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دەوامی قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی قەزای پێنجوێن ئاسایی کراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە دوو هەفتەی پێشوو دەوامەکانیان بۆ کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی دواخرابوو.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پێنجوێن بڕیاریداوە لە ئەمڕۆ شەممەوە 18.2.2023 دەوامی بەیانیان بکرێتەوە بە کاتژمێر 8 و دەوامی نیوەڕوانیش بکرێتەوە بە کاتژمێر 1.

ئەسعەد جەعفەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە وەکالەت بە تۆڕی 964ی راگەیاند، گۆڕینی دەوامەکە ماوەی چواردە رۆژی خایاند، بەڵام ئەمڕۆ دەوام ئاسایی بووەوە.

لە سنووری پەروەردەی قەزای پێنجوێندا 81 خویندنگە بوونیان هەیە.

“ساردیی کەشوهەوا و زۆریی بەفر بڕیاری گۆڕانکاری دەوامی پێداین و 1 کاتژمێر دەواممان دواخست بەهۆی سەهۆڵبەندانی رێگەکان و سەلامەتیی قوتابیان”، ئەسعەد جەعفەر وای وت.

پێنجوێن یەکێک لە ساردترین ناوچەکانی کوردستانە و دەکەوێتە پارێزگای هەڵەبجەوە، هەفتەی رابردوو یەکێک لە ساردترین ناوچەکانی کوردستانی بە پلەی ١٧ پلە لە ژێر سفرەوە تۆمار کرد.