چەکوشی دادگا _ وێنە: Berkeley Political Review
ئەرکی ئەو دادگایە چیە؟
زۆرینەی داوا کارگێڕیییەکانی 2024 لە سلێمانییەوە تۆمارکراون
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی شوورا لە هەرێمی کوردستان، کە یەكێکە لە دەزگاکانی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا لە هەرسێ پارێزگای (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) دادگای کارگێڕیی هەیە، ئەمەش وەکوو برەودان بە سیستەمی دادوەریی دووانە لە هەرێمی کوردستان.
بەڵام، بەهۆی پێداویستی لۆجستی تائێستا لە هەڵەبجە نەکراوەتەوە.
دادگای کارگێڕیی؛
سیستەمی دووانە یەکێکە لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی بواری سیستەمی دادگەری و دادوەری لە جیهاند، ئەو دۆسێ و داوا و سکاڵایانەی کە هاووڵاتییان لەسەر یەک لە فەرمانگە فەرمییە حکومییەکان هەیانە، ناچێتە بەردەم دادگاکانی سەر بە ئەنجومەنی دادوەری، بەڵکو دێتە بەردەمی دادگاکانی سەر بە ئەنجومەنی شوورا، واتە دادگای کارگێڕی.
هەروەها سکاڵا و داوای فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەمان شێوە لە بەردەم دادگاکانی سەر بە ئەنجومەنی شوورا یەکلایی دەکرێنەوە، کە خۆی لە (دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران) دا دەبینێتەوە.
دادوەر سەردار یاسین، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیجی وەزارەتی داد رایگەیاندووە، وەزارەتی داد، بۆ کردنەوەی دادگای کارگێڕی لە پارێزگای هەڵەبجە پرۆژەیەکی هەبوو، بەڵام بەهۆی هەندێک پێداویستیی لۆجیستییەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
داواکانی دادگاکە لە ساڵی 2024;
هەربۆیە لە ساڵی 2024دا، ئەنجومەنی شوورا (409) داوای بەدەست گەیشتووە، کە هەموویان بەئەنجام گەیەنراون؛ دادگاکانی کارگێڕی لە (هەولێر و سلێمانی و دهۆک)، (343) داوایان هەبووە، کە (272)یان یەکلایی کراونەتەوە.
دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانیش، (302) داوای بەدەست گەیشتووە؛ کە (164) داوایان بەئەنجامدراوە و یەکلاکراونەتەوە و هێشتا (138) داوایان لەبەردەستدا ماوە.
هەر لە 2024 دا، ئەنجومەنی شوورا، داڕشتنەوەی بۆ (3) پرۆژە یاسا کردووە؛ کە (2)یان تەواوکراون، هەروەها داڕشتنەوەی بۆ (4) ڕێنمایی کردووە، کە (٣) دانەیان تەواوکراوون؛ (15) ڕادەربڕینیش پێشکەش کراوە. داڕشتنەوە بۆ (6) پێڕەو کراوە، کە هەموویان بەئەنجام گەیەنراون.
لەبارەی داواکانی پێداچوونەوە، (409) داوا هەبووە، کە کاری هەموویان بەئەنجام گەیەنراون و یەکلا کراونەتەوە.
داواکانی بەردەم دادگای کارگێڕی (343) داوا بووە، کە (134)یان لە بەردەم دادگای کارگێڕی هەولێر و (170)یان لە دادگای کارگێڕی سلێمانی و (39) داوایان لە دادگای کارگێڕی دهۆک بووە. لە هەولێر (107) داوا و لە سلێمانی (135) داوا، لە دهۆک (30) داوا یەکلایی کراونەتەوە، ژمارەی داواکانی بەردەم دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، (302) داوا بووە؛ کە (164)یان ئەنجامدراون و هێشتا (138)یان لەبەردەستدان.