رۆژانە زیاتر لە دوو مەتر دووجا زەوی پاككراوەتەوە

كاروباری مینی هەولێر 23 هەزار مین و تەقەمەنی لەناوبردووە

964+
فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین هەولێر ئاماری شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی بە 964 داوە و دەردەكەوێت كە لەو ماوەیەدا رۆژانە بە بەردەوامی زیاتر لە دوو مەتر دوجا زەوی پاككردوەتەوە و 23 هەزار مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیشی لەناوبردووە.

كارو چالاكییەكانی كاروباری مینی هەولێر تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر نییە، بەڵكو تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشی لەگەڵدایە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مینی هەولێر، بۆ 964 ئاشكرای كرد، كە لە ماوەی شەشە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تیمەكانیان توانیویانە 962 مینی دژەکەسی و دوو مینی دژە تانک و 22 هەزار و 760 پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی و یەك بۆمبی چێندراو، لەناوببەن.
وتیشی “توانیومانە چوار كێڵگەی مین پاك بكەینەوە، كە كۆی گشتی رووبەرەكەی 399 هەزار و 424 مەتر دووجا بووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەنجامی کاری رۆژانەی تیمەکانی مینلابەریان لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی دۆزراونەتەوە و کۆکراونەتەوە، بەڵام لەناونەبراون چونكە دەڵێت “بەهۆی وەرزی هاوین و زۆربوونی پوش و پەڵاش و لەبەر مەترسی ئاگرکەوتنەوە، جارێ پاكنەكراونەتەوە”..
لەبارەی ئاماری ئەو قوربانیانەی كە لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روویانداوە، پێنج هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و چوار كەسیش بریندار بوونە.

هەر لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا، تیمەکانی هوشیارکردنەوەیان سەردانی 59 گوندیان کردووە، کە هەڕەشە و مەترسی مین و تەقەمەنیان لەسەر بووە، بۆ ئەم مەبەستەش پەیام و رێنمایی خۆپارێزیان پێگەیاندوون و نزیکەی چوار هەزار و 336 هاونیشتیمانی لە پیاو و ژن و منداڵ سوودمەند بوونە بە پێدانی رێنمایی و پەیامی هوشیارکردنەوە.

نزیکەی سێ هەوزار و پێنج سەد دانە هۆکاری هوشیارکردنەوەی جۆراوجۆر بەسەر هاونیشتیمانیان دابەش کراون و دوو تابڵۆی گەورەی هوشیاریشیان بۆ هاوڵاتیان لەشوێنە گشتیەکان داناوە.

هەر لە ماوەی ئەم شەشە مانگەدا 63 پۆستەر و لافیتەی هۆشیار کردنەوە لە شوێنە گشتیەکان و شوێنە گەشتیاریەکان و شوێنەکانی نزیک لە ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی بڵاوکراونەتەوە و هەڵواسراون، لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سۆشیاڵمیدیاش 97 هەزار و 637 بینەر و خوێنەر سوودیان لە پەیام و رێنماییەکانی هوشیارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر وەرگرتووە.

لە كێڵگە مینە هەرەمەترسیدارەكانی كوردستان بە دەیان می...

لە كێڵگە مینە هەرەمەترسیدارەكانی كوردستان بە دەیان مین لەناوبران