فڕێدانی زبڵ لە جامی ئۆتۆمبێلیشەوە سزای لەسەرە

لە کەرکوک هەرکەس پاشماوەی خانوبەرە بڵاوبكاتەوە بە ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەر كەسێك لە شاری كەركوك پاشماوەی دروستکردن و روخاندنی بینا و خانوبەرە لە شوێنی دیاریکراودا فڕێنەدات، بە یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت، هەرکەسیش لە جامی ئۆتۆمبێلەکەیەوە زبڵ فڕێبدات، به 250 هەزار دینار سزا دەدرێت.

فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئەو بڕیارە بۆ ساڵی 1990 دەگەرێتەوە، بەڵام لە ساڵی 2023 ئەنجومەنی وەزیران هەندێک گۆڕانکاری تێيدا کرد، ئێمەش ناوبەناوە بڕیارەکە نوێدەکەینەوە و بڵاوی دەكەینەوە تاكو هاوڵاتییان هۆشیاربن و سزا نەدرێن”.

سزاكان بەمجۆرەی خوارەوەن:

“هەرکەسێک پاشماوەی دروستکردنی خانوبەرە فڕێبدات بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت و هەرکەسێکيش لە ناو ئۆتۆمبێلەوە زبڵ و خوڵ وخاشاک فڕێبدات 250 هەزار دینار سزا دەدرێت و ئەوەی ئۆتۆمبێل لەشەقامە سەرکێکان و شەقامەکان بە ئاوی خواردنەوە بشوات ئەوا به بڕی 50 هەزار دینار سزا دەدرێت و تاکو ئێستا دەیان ئۆتۆمبێل جیا لەوەی دەستی بەسەردا گیراوە سزای دارایش دراوە لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆوە” فەلاح یایچی واى وت.

دەشڵێت، “هەر هاوڵاتیيەک یەکێک لەو دیاردانەی بینی دەتوانێت وێنەی ئۆتۆمبێلەکە بگرێت و مەرجە ژمارەی تابلۆکەی دەرکەوتبێت تاكو لە رێگەی واتساپەوە رەوانەی ئێمە یاخود موختاری گەڕەکى بکات بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەی لەسەربکەین”.

پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح