ترێی دهۆک پێگەیشتووە و پێشبینی دەکرێت بەرهەم 60 هەزار تۆن بێت
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
نزیکەی هەفتەیەکە ترێی دهۆک پێگەیشتووە و لەناو بازاڕ دا دەفرۆشرێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆکیش دەڵێت، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ترێی خوماڵی زیاتر لە 60هەزار تۆن بێت.
پارێزگای دهۆك بەناوبانگە بە ترێ و ساڵانە جوتیاران زیاتر لە 20 هەزار دۆنم ترێ دەچێنن، نزیکەی 125 جۆر ترێ ههیه، هەندێک لە وان ناویان کەمالی، حلوانی، تایفی، رەش، زەرد و زەیتونی، بهڵام بەناوبانگترین ترێی دهۆک ترێی رەشە و خواستێکی زۆری لەسەرە، سەرەتا لەناو بازاڕدا کیلۆیەک بە دوو هەزار و 500 بۆ سێ هەزار دینارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.7.2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە964ـی وت، زیاتر بەرهەمی ترێ لە دەڤەری دوسکیان بەرهەم دێت و ئەمساڵ بەرهەمی ترێ زیاتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو.
وتیشی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 60 هەزار تۆن ترێ بەرهەم بهێنرێت، چونکە جوتیاران زیاتر گرنگییان بە باخەکان و رەزی ترێ داوە و کەمی بارانبارین لەمساڵدا کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی ترێ لە پارێزگای دهۆکدا نەبووە.
964دەزانێت، لەساڵی رابردوو دا بەرهەمی ترێ نزیکەی 60 هەزار تۆن بوو، بەراورد بە ساڵی 2023 بەرهەمی ترێ 40 هەزار تۆن بوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا