"ئەم خاکە بۆنی خوێنی لێدێ و زامدارە"

دانیشتووانی کۆکس: قبوڵی ناکەین لە کوردستان داببڕێین

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە چەند رۆژی رابردوو حکومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بە پێکھێنانی قەزایەکی نوێ بەناوی “قەرەتەپە” کە ھەریەکە لە ناحیەکانی، قەرەتەپە و جەبارە و کۆکس لەخۆدەگرێت، دانیشتوانی ناحیەی کۆکسیش دەڵێن، “قبوڵ ناکەین داببڕێین لە کوردستان”.

ئەبو عەبدوڵا، ھاوڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی کۆکس بە 964ـی وت، “ئێمە خودا خودامانبوو بگەڕێینەوە بۆ ئەم خاکە، ئێستا چۆن قبوڵ دەکەین لەم خاکە دامانببڕن و بمانخەنە سەر عێراق، دەمانەوێت ھەر لەسەر کوردستان بمێنینەوە”.

عەدنان عەبدولڕەحمانیش دانیشتوویەکی دیکەی کوکسە، ئەو بە 964ـی وت، “بەهیچ شێوەیەک ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەین، ئەم ناوچەیە بۆنی خوێنی لێدێ و زامدارە، لەسەر ئەم خاکە شەھیدمان داوە، خەڵک لێرە بەبێ کێشە خەریکی ئیش و کار و کشتوکاڵی خۆیەتی”.

جگە لە ناڕەزایەتی دانیشتووانی ناحیەی کۆکس، ئیدارەی گەرمیانیش ناڕازین لەو بڕیارەی حکومەتی عێراق و دەڵێن، بێدەنگ نابن و قبوڵی ناکەن.

ساھیر عەلی قایمقامی قەزای کفری بە 964ـی وت،”ناحیەی کۆکس لەھەموو رویەکەوە سەر بەقەزای کفریە، بە دڵنیاییەوە قبوڵی ناکەین کۆکس لە قەزاکەمان جیابکەنەوە، ئەو کارەش زیاتر بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەزانین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە چەندین رێکاری دیکەی ماوە و لەڕێی پەرلەمانتارە کوردەکانەوە رێگە لە جێبەجێکردنی دەگرن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

گەرمیان نەکرا بە پارێزگا و ئێستا سێ ناحیەشی لێ دەبەن

گەرمیان نەکرا بە پارێزگا و ئێستا سێ ناحیەشی لێ دەبەن