هەڵمەتێکى بەرفراوانى پاککردنەوەش بەڕێوەچوو
زیادەڕۆیی گەڕەکەکانى گەرمک لادەبرێن و تێكەڵەڕێژ دەکرێن
964+
محەمەد فاتیح
لە سنوری پارێزگای سلێمانی پاش لابردنى زیادەڕۆیی گەڕەکەکانى گەرمک تێکەڵەڕێژ کردنى دەستپێدەكات و هەڵمەتێکى بەرفراوانى پاککردنەوەش لە شارەزوور و زەڕایەن بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە سەرۆکایەتى شارەوانى گەرمک بەهاوکارى بنکەى پۆلیسى ناحیەکە هەڵمەتێکى بۆ لابردنى زیادەڕۆیی گەڕەکەکانى گەرمک دەستپێکردووە و لەگەڵیشیدا گەڕەکەکان تێکەڵەڕێژ دەکرێن.
“هەڵمەتەکە خۆى لە لابردنى زیادەڕۆییەکان و پاشان ڕێککردنەوە و تێکەڵەڕێژکردنى کۆڵانەکان دەبینێتەوە و بڕیارە لەداهاتوودا سەرجەم گەڕەکەکان بگرێتەوە”.
لەلایەكی دیكەوە ژینگەپارێزان هەڵمەتێکى بەرفراوانى شۆردن و پاککردنەوەى خۆڵ و خاشاکى لە سنورى قەزاى شارەزوور و ناحیەى زەڕایەن جێبەجێکرد.
سەرۆکایەتى شارەوانییەکانى شارەزوور و زەڕایەن دەڵێن، “هەڵمەتەکە خۆى لە هەڵگڕتنەوەى خۆڵ و خاشاک و شۆردنى شەقامە سەرەکییەکان و شۆردنى ناوبازاڕدا بینییەوە و تیمەکانى شارەوانى و ژینگەپارێزان بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکانیان، داواش لە هاوڵاتییان دەكەن هاوکارییان بن و رۆڵیان هەبێت لە پاراستنى ژینگەى هەردوو شارەوانییەکە”.