بانزین خانە، وێنە: 964
“سبه‌ی به‌نزینی 690 و 800 دینار دابه‌ش ده‌كرێت”
964+
مه‌ریەم ئەحمەد- هەولێر
دوو رۆژە لە بەنزینخانەكانی هەولێر بەنزینی 690 و 800 دیناری نەماوە و حكومەتیش دەڵێن بەم زووانە چارەسەری دەكەین.
پەیامنێری تۆڕی 964 لە بەنزینخانەكانی هەولێر به‌دواداچوونی كردووه و دەركەوتووە، ماوەی دوو رۆژە لە بەنزینخانەكانی هەولێر بەنزینی 690 و 800 دیناری به‌سه‌ر تاكسییه‌كاندا دابه‌ش ناكرێت.
هۆشەنگ سەباح، نوێنەری وه‌زاره‌تی سامانە سرووشتییەكان بۆ دابەشكردنی به‌نزینی 690 و 800 دیناری بۆ تۆڕی 964 وتی “ماوەی دوو رۆژە بەنزینی پاڵپشتیكراو لە بەنزینخانەكاندا نەماوە، ئەمەش به هۆی خاوێنكردنەوەی پاڵاوگه‌كانی كۆمپانیای كار”.
وتیشی “هەوڵدەدەین سبه‌ی شه‌ممه دووبارە بەنزین بەسەر بەنزینخانەكاندا دابەشبكەین، ئەگەر نه‌كرا، هه‌ر لەم هەفتەیەدا كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، دووبارە بە هەمان سیستمی رابردووی تاك و جووت بۆ تاكسییه‌كان بەنزینی كار بە 690 و 800 دینار دابه‌ش ده‌كه‌ین”.
لە بەنزینخانەکانی ھەرێمی کوردستاندا چەند جۆرێک بەنزین ھەن، کە بریتیین لە جۆری سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ، نرخەکانیشیان جیاوازن، ئێستا کەمترین نرخ لە بەنزینخانە بازرگانییەکان بریتییە لە 950 دینار بۆ ھەر لیترێك، كه بەنزینی نۆرماڵه.
لە هەولێر رۆژانە بەنزینی 690 و 800 دیناری بەسەر 23 بەنزینخانەدا دابەش دەكرێت، بە رێژەی 400 هەزار لیتر بەنزینی 690 بۆ هەولێر دابین دەكرێت، زیاتر لە ملیۆنێك لیتریش لە بەنزینی 800 دیناری بۆ هەولێر دابین كراوە، هه‌ر تاكسییه‌ك بۆی هه‌یه بایی 30 هەزار و هه‌ر پاسێكیش بۆی هه‌یه بایی 50 هه‌زار دینار به‌نزین وه‌ربگرن.
پێداچوونەوە: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا