بە بڕی 120 هەزار دۆلار

رێکخراوی فاو پاڵپشتی جوتیارانی گوندی هەرمۆتە دەكات

964+

محەمەد فاتیح

لە چوارچێوەی کارنامەی بایەخدانی زیاتر بە ئاسایشی خۆراک و سێکتەری کشتوکاڵ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، رێکخراوی فاو پاڵپشتی جوتیاران و هاوڵاتیيانی گوندی هەرمۆتە دەكات لە قەزای کۆیە.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى هەرێمی کوردستان دەڵێت، “بە خۆشحاڵیەوە لە میانی بەرێوەچوونی کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئۆنڵاین لە لایەن رێکخراوی فاو ، بڕیاردرا بە تەمویلی دارایی بە بڕی 120 هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتی جوتیاران و هاوڵاتیانی گوندی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە”.

وتیشی، “ئەو بڕە پارەیە تەرخان كراوە بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان و زیادکردنی باخی زەیتون و بەپیشەسازیکردن و پاکێجین و بازاڕسازی بەرهەمهێنانی زەیتون و زەیتی زەیتون و دانانی سیستەمێکی ئاودێری مۆدێرن و راهێنان و شیاندنی تواناکانی جوتیارانی بواری بەرهەمهێنانی زەیتون لە ناوچەکە”.

“ئەنجامجدانی ئەم پڕۆژەیە نمونەیەکی ئەزموونیە بۆ رەخساندنی هەڵیکار و بوژانەوەی گوندەکان و پەرەپێدانی زنجیرەی بەهای زەیتون و بەروبوومەکانی سێکتەری باخداری ” بێگەرد تاڵەبانی واى وت.