کوڕە کوردێک بووەتە ئایکۆنی دادپەروەری لە جیهاندا

سبەی لە لاهای خەڵاتی کەڤین بەگیخانی بۆ دادپەروەری دابەش دەکرێت

964+

ژووری هەواڵ

شاری لاهای لە هۆڵەندا سبەی چالاکییەکی گرنگی تێدایە، یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەو شارە خەڵاتی دادپەروەری دەبەخشێت، خەڵاتەکەش بەناوی کوڕە کوردێکەوە ناونراوە.

کەڤین بەگیخانی ئەو گەنجەیە کە سبەی زۆر ناوی دێت، هەرچەندە خۆی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام بەهۆی کارەکانیەوە بووەتە ئایکۆنی دادپەروەری.

کەڤین لە شاری کۆیە لە دایکبووە، تەمەنی سێ ساڵان بووە کە لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە هۆڵەنداو ساڵانی خوێندنیشی هەر لەوێ بووە، تا ئەوەی لە زانکۆی لاندی لاهای خوێندوویەتی، ئەو زانکۆیەی مامۆستا و خوێندکارەکانی زیاتر لە 16 جار بەهۆی کارەکانیانەوە خەڵاتی نۆبڵیان لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەستهێناوە.

کەڤین تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بووە چالاکوانێکی دیاری بواری دادپەروەری و مافی مرۆڤ و مافی پەنابەران بووە، بەتایبەتی لەوەی پەیوەندی بە دۆزی کوردەوە هەبووە.

نۆڤەمبەری 2021 کەڤینی چالاک و بزێو کۆچی دوایی کرد، بەڵام نە کەسوکارو بە مامۆستاو زانکۆکەی و نە دۆستەکانی خەرمانە پڕ بەرەکەتەکەیان لە یاد نەکرد.

سیمۆن مینكس داواكاری گشتی لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كە یەكێك بوو لەوانەی ڤان ئانرات گەورە بازرگانی هۆڵەندی لەسەر فرۆشتنی چەكی كیمیایی بەسەدام حسێن بردە بەردەم دادگا، دەستپێشخەری كرد لەدامەزراندنی رێكخراوێك بەناوی فۆنداسیۆنی دادوەری كەڤین و رێکخراوەکە دامەزرا.

ئێستا دیسان ناوی کەڤین بە چڕی هاتووەتەوە ناو ناوان، سبەی هەینی 4ی تەمموز، خەڵاتی کەڤین بۆ دادپەروەری لە شاری لاهای دابەخشرێت.

خەڵاتەکە بۆ یەکێک لەو خوێندکارانە دەبێت کە نامەی دەرچوونی پەیوەستە بە دۆسێیەکی یاسایی نێودەوڵەتی، یاخود ئاشتی و دادپەروەری.

د. نەزەند بەگیخانی پوری كەڤین سەرچاوەی زانیارییەکانی لەگەڵ 964 بەشکرد.

د. نەزەند بەگیخانی بۆ خۆی یەکێکە لە ژنە کوردە خوێندەوارە دیارەکان، نووسەر و شاعیر، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری خەڵاتی ئەکادیمیی ڤینسنت رایتـە لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس، خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسی تەواوکردووەو چەندین ساڵە مامۆستای زانکۆیەو نوسەرێکی جوان نووسە، بە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەنوسێت.

هەموو زانیارییەک لەبارەی کەڤین بەگیخانی لەم لینکە بەردەستە

شاکارێکی شێرکۆی مەزن لە ناو دڵی پاریسدا 

شاکارێکی شێرکۆی مەزن لە ناو دڵی پاریسدا