ئاستی ئاو لە زاخۆ - وێنە: 964
لە زاخۆ
دوای 16 ساڵ ئاستی ئاوی خابوور بۆ نزمترین رێژە دابەزی
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
وشکەساڵی و بێ بارانی ئەمساڵ، بوو بەهۆکاری دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری خابوور بۆ 34 سانتیمەتر، بە جۆرێک ئەو رێژەیە لە 16 ساڵی رابردوودا هیچ جارێک لە مانگی “شەش” حوزەیراندا رووی نەداوە.
بگرە ئاستی ئاوەکەی 42 سانتیمەتر بووە، لە حاڵێکدا لە مانگەکانی هەشت و نۆ کە کۆتا مانگەکانی وەرزی هاوینن کەمبوونەوە بۆ 34 سانتیمەتر روویداوە، بەڵام ئەمساڵ پێش ئەو وادەیە رێژەیەی نزمی لێ تۆمارکرا.
هەر وشکەساڵی بەتەنیا نا، بەڵکو زەوی جوتیارانیش ئەوانەی دەکەونە سەر لێواری خابوور و سوود لەرووبارەکە وەردەگرن بۆ ئاودانی زەوییەکان هۆکارێکی ترن بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەکە.
محەمەد یاسین، بەرێوەبەری ئاوی ژێرزەوی زاخۆ بە 964 وت، لەساڵانی رابردوودا ئاستی ئاوەکە دادەبەزی، بەڵام لە مانگی حوزەیراندا بەم شێوەیە نەبووە، بەڵکو لە مانگەکانی هەشت و نۆ رووی دەدا، بۆیە پێشبینی دەکەین لەدوو مانگی داهاتوودا زیاتر ئاستی ئاو دابەزێت.
هەروەها، ساڵح حەسەن، بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ بە 964 راگەیاند، “پێمان وایە وشکەساڵی نابێتە ئەگەری کەمئاوی بۆ شارەکەمان، تا ئێستاش بەشێوەیەکی ئاسایی ئاو بەهاوڵاتیان دەدرێت و پێشبینی دەکەین مانگەکانی داهاتووش ئاسایی بێت”.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە هەموو وەرزێکی هاوین ئاستی ئاوی رووباری خابور دادەبەزێت، بەڵام بێ بارانی و وشکەساڵی ئەمجارە زیاتر کاریگەری لەسەر رووباری خابوور کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا