دیمەنی خۆڵبارین لە شاری هەولێر - وێنە: ئەرشیفی 964
لە کەرکوکیش 109 کەس
خۆڵبارین لە هەولێر و سلێمانی 60 کەسی ناردووەتە نەخۆشخانە
964+
ژووری هەواڵ
لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک، خۆڵبارین نزیکەی 170 کەسی ناردە نەخۆشخانە، بەشێکی زۆریان چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.
بەگوێری ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی ژمارەی ئەو کەسانەی کە خۆڵبارین کێشەی بۆ دروستکردوون بەم جۆرەیە:
سلێمانی: 30 کەس
هەولێر: زیاتر لە 30 کەس
کەرکوک: 109 کەس
لە هەڵەبجە و دهۆک خۆڵبارین کێشەی بۆ هیچ کەسێک دروستنەکردووە.
دوو رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین باڵی بەسەر ناوچەکانی کوردستاندا کێشاوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێش کاریگەری شەپۆلەکە دەمێنێتەوە بەڵام بە لاوازی.
لەگەڵ ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەدا، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی چەندین رێنمایی بڵاوكردووەتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەكات نەچنە دەرەوە.
بەڕێوبەرایەتییەكە بڵاویكردەوە بۆ چۆنیەتیی خۆپاراستن لە کاتی خۆڵبارین، دەبێت لەکاتی چوونەدەرەوەدا ماسک بەکاربهێنن و زوو زوو بیگۆڕن و وا باشترە لە ماڵەوە بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
داواش دەكات بەپێی رێنماییەكان پێویستە چاویلکە و قەترەی چاو بەکاربهێنين بۆ پاراستنی چاوەکانمان و چاوەکانمان بشۆين لەبری خوراندنی.
دەشڵێت، “بە باشی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت دابخە و لەکاتی خۆڵباریندا لە پلەی گەرمی بەرزدا برێکی باش ئاو بخۆرەوە و لە کاتی شۆفێریدا جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەت دابخە”.
“ئەوانەی نەخۆشیی رەبۆیان هەیە بە بەردەوامی پەمپی ئۆکسجین هەڵبگرن و لە ژێر رێنمایی پزیشکیدا چارەسەر وەربگرن”.