سبه‌ى له مۆنۆمێنتی ئەنفال له چه‌مچه‌ماڵ
قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەستپێدەكات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره سبه‌ى له مۆنۆمێنتی ئەنفال له قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی وەرگرتنی نمونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەستپێدەكات و ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت.
تیمى بەشداربووانى هەڵمەتەکە پێکهاتوون لە بەشى پزیشکی دادوەریى بەغدا، بەشى پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنان لە دەزگاى شەهیدانى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ نووسینگەى خانمى یەکەمى عێراق و کۆمسیۆنى نێودەوڵەتى ونبووەکان ICMP.
هەڵمەتەكە لە رۆژى 2.7.2025 تاوه‌كو 9.7.2025 رۆژانە لە كاتژمێر 9:00ـى بەیانی بۆ كاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال به 964ـى راگه‌یاند، له دوو قۆناغى پێشتردا نمونه‌ى خوێنى دوو هه‌زار و 500 كه‌س له‌و كه‌سوكارانه‌ى ئه‌نفال وه‌رگراوه به‌مه‌به‌ستى پشكنینى DNA و ره‌وانه كراون بۆ لیژنه‌ى به‌راوردكارى به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌م قۆناغه.
جگه له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ى له‌چه‌مچه‌ماڵ كراوه و ده‌كرێت، پێشتریش له گه‌رمیان و كۆیه هه‌مان ئه‌و هه‌ڵمه‌ته بۆ كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان كراوه.
وتیشی “سبه‌ى بڕیاره به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمسیۆنى نێودەوڵەتى ونبووەکان ICMP سه‌ردانمان بكات و له‌گه‌ڵیدا قسه له‌سه‌ر ئه‌نجام و كاره‌كانى ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌مان ده‌كه‌ین”.
به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنت، ئه‌و نمونه خوێنه‌ى لهكهسوكارى ئه‌نفالكراوان وه‌رده‌گیرێت، تاوه‌كو 25 ساڵ ده‌مێنێته‌وه بۆ به‌راوردكارى بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى خوێنى لێوهدهگیرێت له ژیانیشدا نه‌مێنێت، نمونه‌ى خوێنه‌كه‌ى هه‌ر ده‌مێنێت و ده‌تواندرێت بۆ ناسینه‌وه كارى له‌سه‌ر بكرێت.