تاسەر وانابێت
کارەباى 24 کاتژمێرى؛ 20 هەزارت بۆ هاتووەتەوە؟
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاماری پسولەی کارەبای 24 کاتژمێرى مانگی پێنجی هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، 50%ـی هاوبەشانى پڕۆژەکە کەمتر لە 20 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی کارەبا، لە پارێزگای سلێمانی 50%ـی ماڵەکان کەمتر لە 18 هەزار دینار، پارێزگای هەولێر 50%ـی ماڵەکان کەمتر لە 20 هەزار دینار و پارێزگای دهۆکیش 50%ـی ماڵەکانی کەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
بەڵام، ئەمە نرخى راستەقینەیە؟
دواى بڵاوبوونەوەى ئەو نرخانە، هاوڵاتیان قسەى جیاوازیان کرد، زۆربەیان لەو نرخە رازین و دەڵێن، زۆرباشە و نرخەکە زۆر نییە، هاوبەشێک بۆ پەیجى وەزارەتى کارەباى نوسیوە،”من نزیکەى 700 یەکەم خەرج کردووە و 20 هەزار و شتێکم بۆ هاتووەتەوە”.
بەراورد بە بەرزى پلەکانى گەرما و بوونى کارەباى 24 کاتژمێرى، ئەو نرخە گونجاوە، بەڵام لەراستیدا ئەمە نرخى راستەقینە نییە، چونکە ئەم نرخە بە لێخۆشبوونەوەیە، نەک نرخى تەواوەتى ئەو یەکانەى بەکاریهێناوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەککردنى هاوبەشانى کارەباى 24 کاتژمێرى، پێشتر بڕیاریدابوو بۆ سێ مانگى یەکەم بە بڕى جیاواز لێخۆشبوون لە کرێى کارەبا بکات، بۆ نموونە ئەو هاوبەشانەى مانگى یەکەم دێنە ناو پڕۆژەکە بە رێژەی 50% لێخۆشبونیان بۆ دەکرێت، لە مانگى دووەم 25% و لە مانگى سێیەم 15%.
روونتر لەوە، ئەگەر هاوبەشێک لە مانگى پێنج یەکەم مانگى بەشدارى بووبێت لە پڕۆژەکە و 700 وەحدەى بەکارهێنابێت، ئەوا 400 وەحدەى یەکەمى بە نرخى 72 دینار بۆ هەژمار دەکرێت کە دەکاتە 28.800 دینار، 300 وەحدەکەى تریشى بە نرخى 108 دینار بۆ هەژمار دەکرێت کە دەکاتە 32.400 دینار، بەمەش ئەو هاوبەشە لەو مانگەدا لە کۆى 700 وەحدەى بەکارهێنراو 61 هەزار و 200 دینارى بۆ هاتووەتەوە، بەڵام بە لێخۆشبوونى 50% تەنیا 30 هەزار دینارى بۆ هاتووەتەوە.